هەمو ساڵێك جیهان یادی ڕۆژێك دەكات كە تیایدا مرۆڤ یەكێ لە خەونە هەرە لەمێژینەكانی هێناوەتە كایەوە، دوای ئەوەی لە 20 ی تەمووزی 1969 و بۆ یەكەمجار پێی خۆی دانا سەر ڕووی مانگ.
بۆ ئێمە لە كۆمەڵەی ئارەزوومەندانی فەلەكناسی كوردستان، ئەمە تەنها ڕۆژێك نییە كە ڕووداوێكی زانستی مێژوویی لەخۆ گرتووە، بەڵكو سەرچاوەیەكی پڕە لە بزوێنی هەست و نەستەكان و ئەو هەلەمان پێدەبەخشێ كەلەنێو بۆشاییە فراوانە جوانەكانی گوتەكانی نێوان كەشتیوانان و سەنتەری كۆنتڕۆڵ لە (هیوستن) دا مەلە بكەین!.
بۆ ئەمساڵ بڕیارماندا كە شریتی ڤیدیۆیی دەنگ و وێنەی گەشتی چوونە سەر مانگ بۆ تەواوی خەڵك لە نێو (پاڕكی منارە) دا نمایش بكەین. كاتژمێر 8:15 و لەسەر شاشەیەكی فراوان و بڵندگۆی گەورەوە نمایشەكە دەستی پێكرد و ڕاستەوخۆ خەڵكی لە دەوریدا كۆبوونەوە كە بۆماوەی 1 كاتژمێر بەردەوامبوو. بۆ ئەو كەسانەی كە تەمەنیان گەورە بوو، ئەم ڕۆژەیان هاتەوە یاد و جوانترین ساتە وەختەكانیان بۆ یەكدی باس دەكرد و بۆ ئەوانەی كە تەمەنیان بچووك بوو دەیان پرسیار وروژێنرا دەربارەی چۆن و چۆنییەتی دابەزینی مرۆڤ لەسەر مانگدا. میوانێكی یەگجار زۆر لە (بەغدا و دیالا و سامەڕا و نەجەف و موسل و تەنانەت لە ڕۆمانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا)ش لەو كاتەدا بەشداربوون لەم بۆنەو یادكردنەوەیەدا.
لەتەك ئەم نمایشەدا، مانگ لە جوانترین و نایابترین حاڵەتەكانی ڕوانگەكردنی تەلەسكۆبی بوو و ڕووی مانگ بووە یەكێ لە جوانترین ئەو دیمەنانەی كە لە ڕێگای تەلەسكۆبەوە دەكەوتە بەر دیدی میوانان، چونكە هەرگیز رووخسارەكەیان بەم شێوەیە نەدیبوو...بەڵێ...تاوەكو ئێستاش رووی مانگ ئاسەواری شوێن پێی ئەو كەشتیوانانەی لەسەر ماوە كە ڕۆژێ لە ڕۆژان لەسەریدا هاموشۆیان كردبوو و پاشان لە داوی خۆیاندا نامەیەكی پڕ لە خۆشەویستی و ئاشتیخوازیان بۆ تەواوی گەردووندا جێهێشت. پیرۆزبێت یادی 41 ساڵەی نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگدا. |