لە كۆتاییدا، دوای چاوەڕوانییەكی زۆرو خۆئامادەكردنێكی پێشوەختیدا، پڕۆژەی ناوازەی (یارییەك لە ژێر ڕۆشنایی ئەستێرەكاندا - A Match Under Starlight) لە ڕۆژو كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەو پەڕی سەركەوتوویی ئەنجام درا.
لە بەرواری 7-7-2010 و كاتژمێر 5:45 بەكاتی هەولێر تیمێكی نێوەخۆیی كە پێكهاتبوون لە 14 هەواداری تۆپی پێ و چەندین مامۆستایەكی زانكۆ و پزیشكێكیشی لەخۆ گرتبوو، لەنێو یاریگای داخراوی ڕێگای هەولێر- موسڵ ئامادەبوون و دوای پێشوازیكردنێكی گەرم و شایستە، سەرۆكی كۆمەڵەی ئارەزوومەندانی فەلەكناسی كوردستان پەیڤێكی كورتی پێشكەش كردن و تیشكی خستە سەر كارو چالاكییەكانی كۆمەڵەو لەسەر هەردوو ئاستی نێوەخۆیی و دەرەكیدا، ئینجا پیشك خستنەسەر پیرۆزی و لە هەمان كاتدا گرنگی ئەو بۆنەیە كە بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا (فەلەكناسی و تۆپی پێ) وەك دوو بواری یەگجار زۆر میللی و ناودار لە یەك ڕۆژ و یەك كات و لە نێوان چەندین وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.
پاشان ئاڵای ئەو وڵاتانەی كە ڕەزامەندیان لەسەر ئەنجام دانی ئەم چالاكییە ناوازەیەدا نیشاندابوو بەڕێزەوە لە نێو گۆڕەپاندانمایش كران و لە ژێر بیستنی سروودی نیشتمانی هەریەك لەو وڵاتانە ڕێزێكی زیاتریان لێ نران. پاشان لە كاتژمێر 6:40 خولەكدا یارییەكە دەستیپێكردو لە كاتژمێر 07:30 بە یەكسانی هەردوو لا بە 4 گۆڵ و لێدانی 5 پەناڵتی كۆتایی پێهات و هەردوو لایەن خەڵات كران دوای پێشكەش كردنی ئاستێكی زۆر جوان و پیرۆز لەو یارییەدا.
كاتژمێر 8 تا 8:55 خولەك یاریزانان و میوانان بە گشتی بانگهێشتكرانە دەرەوەی گۆڕەپانەكەو لە ڕێگای تەلەسكۆبی 8 ئینجیدا ڕوانگەی هەسارەی (زوحەل) یان كرد و ئەمەش بووە مایەی دڵڕفێنی و سەرسام بوونیان بەوەی كە بۆ یەكەمجارە لە ژیانیان و لە ڕێگای تەلەسكۆبێكەوە سەیری هەسارەی ئەڵقەدار دەكەن. دوای تەواو بوونی چالاكییەكە بە گشتی، تەواوی یاریزانان سوپاسی زۆر گەرمی خۆیان ئاڕاستەی كارمەندانی كۆمەڵەی ئارەزوومەندانی فەلەكناسی كوردستان كردو ئەو ڕۆژەیان بە یەكێ لە ڕۆژ و بۆنە هەرە ناوازەو كەم وێنەیان لەقەڵەم داو هیوایان خواست كە بۆ چەندجارێكی دیكەش هەمان یاد و بۆنە دووبارە ببێتەوە.
جێگای ئاماژەیە كەوا پێشتر وا بڕیار درابوو لەگەڵ (یەكێتی تۆپی پێی كوردستان) ئەم چالاكییە ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر سەرهەڵدانی چەند گرفتێكی تایبەتی نەتوانرا ئەم هەماهەنگییە سەربخرێت و لە كۆتاییدا كۆمەڵەی ئارەزوومەندانی فەلەكناسی كوردستان بە تەواوەتی خستییە سەر ئەركی خۆی.
سەبارەت بە ئامادەبوونی دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ئەوا تەنها بەڕێز كاك (ئەحمەد ئەلزوبەیدی) پەیامنێری (ڕادیۆی دەنگی عێراقی ئازاد) و كامێرای (كەناڵی ئاسمانی ئەلعێراقییە) ئامادەبوون بۆ ڕووماڵكردنی ئەم چالاكییە و كاتژمێر 11 ی شەوی 8/9 ی تەمووزی 2010 ڕاپۆرتی (ئەحمەد ئەلزوبەیدی) لە (ڕادیۆی دەنگی عێراقی ئازاد) و (ماڵپەڕی دەنگی عێراقی ئازاد) لە ئینتەرنێتدا دابەزی.
ماوەتەوە بڵێین كەوا جگە لە كوردستان و عێڕاق ، وڵاتانی (نیوزیلاند،چین،هیندستان،سریلانكا،پاكستان،ئێران،ئیماڕاتی عەرەبی یەكگرتوو،سعودیە،ڕۆمانیا،بەڕازیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) ش ڕەزامەندی بەشداربوونیان لەم پڕۆژەیەدا نیشاند دابوو و لە نێو هەمووشیاندا (وێنەكان و ڕاپۆرتی وڵاتی ڕۆمانیا) مایەی سەرنجڕاكێشان بوو و ماندووبوون و ئامادەكارییەكی زۆر جوانی پێوە دیاربوو، بە تایبەتیش كە منداڵان بە جیاوازی تەمەنیان یارییەكەیان لەم وڵاتەدا ئەنجام دابوو، بەڵام لەبەر بارودۆخی نالەباری كەش و هەوا نەیانتوانی ڕوانگە فەلەكییەكە ئەنجام بدەن و لە جیاتی ئەوە سیمینارێكی زۆر بە پێز لەسەر بنەما سەرەكییەكانی فەلەكناسی بۆ منداڵان لەلایەن (Virgil Pop)ی لێكۆڵەر لە (ئاژانسی بۆشاییگەری ڕۆمانی) و ڕێكخەری (ڕۆمانیا) و بۆ ئەم پڕۆژەیەدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای Rudolf Walter)) و (ڕوانگەی فەلەكی Timisoara) و یانەی فەلەكی (Antares)ئەنجام دراو تەلەفزیۆنی ناوداری (TVT-89) ڕاپۆرتێكی تێرو تەسەلی لەسەردا بڵاوكردەوە. |