دوای هەڵدانی لە 9 ی ئایاری 2003 بەرەو شاخێكی زەبەلاح كە لە بۆشایی ئاسمانی نێو قوڵایی سیستەمی خۆردا مەلە دەكات، گالیسكەی ژاپۆنی (هایابوسا- كە مانای هەڵۆ) یە گەیشتە نزیكترین خاڵ لە هەسارۆكەی (ئیتوكاوا)، هەر بەمەش نەوەستا، بەڵكو كەپسولەیەكی بچووكی پڕ لە ئامێری پشكنینی هەرە پێشكەوتووی ڕەوانەی رووەكەی كردو هەر خۆیشی بۆ یەكەمجار لە مێژووی زانستدا وەك یەكەم گالیسكەی نیشتوو لەسەر ڕووی هەسارۆكەیەكدا دووجار بەسەركەوتوویی نیشتەوە، ئالەم كەین و بەینەدا، پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕا و زانایان دەستەوەستان بوون بەرامبەر بەم شكستە دڵشكێنەو داخیان پەنگخواردە نێوەخۆیان بەوەی كە هەلی وەرگرتنی نموونەیەك لە خاك و خۆڵ و بەردی ئەم كەرتە شاخەیان لەدەستچوو و ڕەنجی چەند ساڵەی دیزاین و دروستكردن و پاشان هەڵدان و سەفەری دوورو درێژ، ئینجا گەیشتن و نیشتنەوەیان لەسەر ڕووی ئەم پاشكۆیەیان هەتا هەتایە لەدەستدا.كەچی ئەوەی ڕویدا هەرگیز چاوەڕوان نەكراو بوو و زیاتر لە فیلمەكانی خەیاڵی زانستی (هۆڵیوود) دەچوو، كاتێك لە پڕێكەوە (هێمای – بیب-) لە دووری 3 ملیار كیلۆمەترەوە گەڕایەوە زەوی و ئەمەش وەك لە دایكبوونێكی تازەی ئەم گالیسكەیە بوو. بە دووبارە یەیوەندی كردنەوەی گالیسكەی (هایابوسا) چەندین وێنەی نایاب و دەگمەن و یەگجار سەرنجڕاكێشی هەسارۆكەی (ئیتوكاوا) ڕەوانەی زەوی كرایەوە و بەشێوەیەك كە هەرگیز بەم شێوەیەو نزیكبوونەوەیە نەبینراوە. واچاوەڕوان دەكرا لەساڵی 2007 گالیسكەكەو كەپسولەكەی بگەڕێنەوە زەوی، بەڵام لەبەر سەرهەڵدانی گرفتی پەككەوتنی یەكێ لە بزوێنەرەكان و گرفتی تەكنیكی پەیوەندیكاریی ئەم پڕۆسەیە خاوبوونەوەیەكی زۆری بە خۆیەوە بینی، كەچی زانایان لە چاوەڕوانی نیشتنەوەی ئەم گەنجینەیەن لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا سەرەڕای ئەوەی كە گالیسكەكە نەیتوانی نموونەی خاك و خۆڵەكەی بهێنێتەوە، بەڵام زانایان هیواخوزان كەوا لە میانەی نیشتننەوی گالیسكەی (هایابۆسا) لەسەر ڕووی ئەم پاشكۆیەدا، هەندێ وردە خۆڵ – بچووكترین پێوانەش بێت هەر گرنگە- بە لاشەیەوەی نووسابێت، یاخود چوبێتە ناو هەندێ كەلەبەرەكانی تاوەكو تاقیكردنەوەی زۆر گرنگی لەسەر بكرێت لە پێناو ناسین و دۆزینەوەی مێژووی سیستەمی خۆر و چۆنیەتی لە دایكبوون و پەرەسەندنی لە ماوەی 5 ملیار ساڵد.
با چاوەڕوان بین و بزانین دوای نیشتنەوەی سەركەوتوانەی گالیسكەی (هایابوسا) ی 500 كیلۆگرامی لە ناوچەیەكی نزیك لە سەربازگەی (ومێرا) لە باشووری ئوسترالیا چی لە هەگبەی دایە و چیمان پێشكەش دەكات!؟ |