سەرەڕای ئەوەی بەمەودای 3 جار ئەوەندەی ماوەی نێوان خۆر و هەسارەی نیپتۆن و 92 جار ئەوەندەی ماوەی نێوان زەوی و خۆر لێمان دوور كەوتۆتەوە، بەڵام هێشتا گالیسكەی دوورە وڵاتی ناسراو بە (ڤۆیاجەر -2) لە ناردنی هێَماو زانیاری بەردەوامە، بەڵام وا پێدەچێت كاریگەری دوور كەوتنەوە لە زەوی بەو مەودایە یەگجار دوورە رێگای خۆشكردبێت بۆ سەرهەڵدانی چەندین گرفتی تەكنیكی و لەسەرووی هەموویانەوەش، گرفتی پەیوەندیكاریی. لە تازەترین هەواڵەكانی ئەم گالیسكەیەش هەوڵدانی ئەندازیارانە لە دەزگای Jet Propulsion Laboratory - JPL- لە پاسادینا/ كالیفۆرنیا بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتێك كە ئێستا لە سەری هەڵدواە (ڤۆیاجەر -2) دەركەوتووە. بۆماوەی چەند مانگێك دەچێت زانایان باس لە ناڕێكی گەڕانەوەی داتایەكانی (ڤۆیاجەر -2) دەكەن و پێدەچێت بەشێكی زۆری ئەو داتاو زانیاریانە شێوێنرابن و بەو حاڵەی ئێستا بێت سوودیان لێ وەرناگیرێت. "ئێمەو پسپۆڕانی دیكەش بەردەوامین لە وەرگرتنی داتا و زانیارییەكانی (ڤۆیاجەر -2)،بەڵام بەداخەوە بەو ریتم و شێوازەی ئێستا ناتوانین سوودیان لێ وەربگرین،لە هەمان كاتیشدا هیچ گرفتێك نییە لەبەردەم بەردەوامبوونی پیوەندی لە نێوان زانایانی سەر زەوی و گالیسكەی (ڤۆیاجەر -2) سەرەڕای ئەوی ناردنی یەك هێما –بەخێرایی تیشك - بۆ ئەم گالیسكەیە 13 كاتژمێر دەخایەنێت و هەمان كاتیشی گەرەكە بۆ دووبارە گەڕانەوەی!" بە گوتەی (ئید ستۆن) ی پڕۆفیسۆر لە زانكۆی (كالتیچ). گرفتی ئێستا بریتییە لە تێكچوونێك لە سیستەمی تۆماركردن و ناردنەوەی زانیارییەكان و فۆڕمات كردنەوەی پیش ئەوەی بۆ زەوی ڕەوانەیان بكاتەوە. بە گوتەی ئەندازیاران چارەسەری ئەم گرفتە كاتێكی زۆری پێویستە. "گومان لەوە نەماوە كە گالیسكەی (ڤۆیاجەر-2) گەورەترین هەلی ڕەخساند بۆ زانایان و بەڵكو تەواوی مرۆڤایەتیش تا بۆ یەكەمجار بگاتە دوورترین سووچی نێو سیستەمی خۆر و بۆشایی ئاسمان نێوان هەسارەكان، بوونی گرفتی ئاواش بەهیچ شێوەیەك لە گرنگی ئەم گەشتە گەردوونییە مێژوییە كەم ناكاتەوە بەڵكو هێزو تواناو گوڕو تین بۆ زاڵبوون بەسەریاندا یەگجار زۆر بەهێزتر و بەردەوامتر دەكات، ئەندازیارانیش پێشتر گرفتی هاوشێوەی گالیسكەی (ڤۆیاجەر -2) یان چارەسەر كردووەو ئەوشیان گرفتێكی دیكەیە!" هەر بە گوتەی (ئید ستۆن). گالیسكەی (ڤۆیاجەر-2) دیزاین كرابوو تا لەماوەی 4 ساڵدا بگاتە نزیك هەسارەی (زوحەل)، بەڵام ئەو بۆ ماوەی 33 ساڵە لە كاركردن و پەیوەندیكارییەوە هەر بەردەوامەو پێشبینی دەكرێت تاماوەیەكی دوور و درێژتریش لە بۆشایی ئاسمانی نێو سیستەمی خۆر بمێنێتەوە و بێ گرفت بگاتە سنووری ناوچەی ناسراو بە (هیلیۆسفیر) كە داویین سنووری دەرەكی سیستەمی خۆرەو ئالەوێ وەك بڵقێكی زەبەلاحی (بای خۆر – Solar Wind) بەرجەستەیەو پاشان گەشتەكەی بۆ بۆشایی ئاسمان نێوان ئەستێرەكانی دراوسێشماندا درێژتر بكاتەوە. |