زانایانی بواری فەلەكناسی سەرسوڕمان و سەرسامن بە ڕوودانی دیاردەیەكی نامۆ لەسەر چینەكانی بەرگە هەوای هەسارەی موشتەری (Jupiter) كە بریتییە لە وونبوونی ناوازەی ناوچەیەكی تاریكی باشووری گۆی هەسارەكە كە بە (پژبێنی تاریكی باشوور) ناسراوە، لە مبارەیەوە (گلین ئۆرتۆن) ی پسپۆڕی فەلەكناس لە (ناسا) گوتوویەتی: ئەمەیان ڕووداوێكی فەلەكی زۆر گەورەیە!ئێمە بەردەوام روانگەی ئەم هەسارەیەكان كردووە و ئەمڕۆكەش نازانین بۆچی ئەم پژبێنە كە ماوەی سەدان ساڵە بینراوە وونبووە و نەماوە؟!". زانای بۆشاییگەری ئوسترالی (ئەتۆنی ویزلی) گوتوویەتی: بەهیچ شێوەیەك پێشبینی ئەوەم نەدەكرد كەوا ئەم پژبێنە بە یەكجاری وون ببێت! ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ كە هەسارەی موشتەری توانای دروستكردنی گۆڕانكاری و دیاردەی هەرگیز چاوەڕوان نەكراوی هەیە".
لە بەرامبەردا هەندێك لە زانایان وای بۆدەچن كە ئەم وونبوونە بریتییە لە خۆشاردنەوەی پژبێنە تاریكەكە لە ژێر چینە هەورێكی ئەستووری سپی لە گازی ئەمۆنیا كە یەگجار زۆر باوە لە هەسارەكەدا. لەلایەكی دیكەوە (جۆن ڕۆجەرز) ی سەرۆكی بەشی ڕوانگەكاریی هەسارەی موشتەری لە ( دەزگای بۆشاییگەی بەریتانی) گوتوویەتی:"چەند جارێك دیاردەی ئاوا بەسەر ئەم هەسارەیەدا هاتووە، وەك ئەوەی لە ماەوی نێوان ساڵانی 1973-1975 و پاشان لە 1989-1990 و ساڵی 2007 دا ڕوویاندا، بەڵام نەوەك بەم ئاست و شێوەیە، بۆیە وای بۆ دەچم كەوا لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بەدیار بكەوێتەوە، چونكە لە پڕێكەوە گێژەڵووكەی زۆر بەهێز بەدیار دەكەون و ڕەنگە بۆ جارێكی دیكە ئەم پژبێنە دربخاتەوە، منیش زۆر بە پەرۆشم بۆ دووبارە بینینەوەی ئەم دیاردانە". |