24-4-2010 دوایین چالاكییە بەفراوانەكانی (مانگی فەلەكی جیهانی) بوو و تیایدا بڕیار درابوو گەورەترین (شەوی ئاهەنگی ئەستێرەیی- Star Party) ئەنجام بدرێت. بەهاوكاری لەگەڵ (بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەی رانیە) و (بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی ئامادەیی كۆدۆ ) لە ڕانیە تیمی كۆمەڵەكەمان كە پێكهاتبوون لە (ئەژی چەتۆ و ئاسۆ رەزاق و هەرێم عومەر) بۆ یەكەمجار سیمینارێكی زۆر بەفراوانی بۆ كۆمەڵێك مامۆستایانی فیزیای نێو ڕانیە و دەڤەرەكانی دەوروبەری ئەنجامدا، ئەمە جگە لە ئامادەبوونی چەندین قوتابی قۆناغە جیاجیاكانی خوێندن كە ژمارەیان گەیشتە سنووری 140 كەس. كاتژمێر 02:00 ی دوای نیوەڕۆ و لە نێو هۆڵی ئامادەیی كۆدۆ سیمینارەكەمان دەستیپێكرد و كاتژمێر 03:30 كۆتایی پێهات. سەرەتا (مامۆستا هەندرێن) ی ئەندامی چالاكی كۆمەڵەكەمان وێڕای ئەنجامدانی تەواوی ئامادەكارییەكان و بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاكییە جوانە، سەرەتایەكی پێشكەش كرد دەربارەی كۆمەڵەكەكان و سەرەتای دامەزراندنی و پێگەی نێودەوڵەتی و ئەو چالاكیانەی كەلەگەڵ فەلەكناسانی جیهان ئەنجامی داوە چ لە میانەی ساڵی فەلەكی 2009 یان لە میانەی ئەمساڵ و لە میانەی (مانگی فەلەكی جیهانی 2010) دا. پاشان (ئەژی چەتۆ) سەرۆكی كۆمەڵە سیمینارێكی دەربارەی جوانترین وێنەكانی چالاكییەكانمان و گەردوون و سەرەتای دروستبوونی و سیستەمی خۆر و نهێنییەكانی پێشكەشی ئامادەبووانی خۆشەویست كرد. لەداوییدا چەندین پرسیار و ڕاو بۆچوون و خستنەسەری زانیاری جوان لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانەوە سیمینارەكەی ڕازاوەتر و دوڵەمەندتر كرد و بەشێوەیەكی گشتی بووە مایەی سوپاس و ستایشی ئامادەبووان و داوی بەردەوامیان كرد بۆ ئەو چالاكیانە. پاشان دەستەیەك لە ئامادەبووان ئامادەی چاوپێِكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی كۆمەڵەكەمان بوون و كە لە لایەن كاك (هەرێم عومەر) ەوە ئەنجام دراو ئەو بەڕێزانەش بەو پەڕی دڵخۆشییەوە ڕا و سەرنج و پێشنیارەكانیان روون كردەوەو پەنا بەخوا دەقی ئەم دیمانەیە لە (گۆڤاری هەرێمی كوردستان یان رۆژنامەی خەبات) دا بڵاو دەكرێتەوە. لەلایەن خۆمانەوەش بەڵێنمان پێدان كەوا بە پشتیوانی خودای گەورە و هەماهەنگی لایەنی بەرپرس لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا یەكەمین (شەوی ڕوانگاری فەلەكی لە ڕانیە ی دەروازەی ڕاپەڕیندا) ئەنجام دەدەین. |