یەك مانگ پێش ئێستا لە ئینتەرنێتەوە ناوبانگیم بیستبوو، زۆرم لا سەیر بوو كەوا چۆن لە وڵاتێكی پڕ لە نەگبەت و كارەساتی وەك عێراقی ئەمڕۆ گەنجێك هەڵدەكەوێت و ئەم تەوقە پڕ لە نەهامەتییەی ئەم گەلە دەشكێنێ و نەوەك لەسەر زەوی، بەڵكو لەبەرزایی ئاسمانەوە وەكو خۆی دەڵێ :"ناوی هەموو عێراق لە زاخۆوە بۆ فاو م بەرز كردەوە!"، لە بەرواری 28-2-2010 بێ ئەوەی هەرگیز پێشبینی بۆ بكەم و لە میانەی سیمینارێكی پڕ بە پێز لە (هۆڵی فیزیا) ی كۆلێژی زانست ی زانكۆی سەلاحەدین لە (هەولێر) ی پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە پێی شاد بووم!
كاپتن (فەرید لەفتە) لاوێكی رێك و پێك و خوێن شیرینە، لەساڵی 1987 لە بەغداوە چاوی هەڵهێناوەو هەر لە منداڵییەوە خولیای (فڕین) بووە،لە تەمەنی 5 ساڵی خوی لەسەر كانتۆڕی جل و بەرگی نێو ژووەرەكەی خۆی هەڵدەدات گوایە دەتوانێ بفڕێ، هەڵبەتە ئەمە بووە هۆی توڕەیی و دڵگرانی سەركۆنە كردنی لەلایەن دایك و باوكی، بەڵام (فەرید) ئە رۆژەی كردە سەرەتای دەستپێكردنی بەرەستەكردنی حەز و خولیاكانی لە فڕین بۆ پەڕەكەی ئاسمان.لە نێوان سالڵانی 1998 تا 2002 و بێ ركابەر پاڵەوانی عێراق بووە لە یاری هەڵگرتنی قوڕسایی. لەبەر سەختی بارودۆخ و رفاندنی برایەكەی و ئازاد كردنی بە پارەیەكی زۆر و پاشان بەركەوتنی لاقی بە گوللەیەكی كوێر،هەر هەموو ئەندمانی خێزانەكەی بە ناچاری بەغدا جێدێڵن و لە (دوبەی) نیشتەجێ دەبن. هێندەی پێنەچوو بووە ئەندامی ( یانەی ئاسمانی ئومولقوەین) لە ئیمارات.
•كاپتن (فەرید لەفتە) بە خێربێی بۆ كوردستان و مایەی شانازیمانە كەوا راستەوخۆ چاومان بە ئێوەی بەڕێز دەكەوێت!
•كاپتن فەرید: من سوپاسی ئێوەو تەواوی خەڵكی خوێنشیرین و خۆشەویستی كوردستان دەكەم، زۆر خۆشحاڵم كە بۆ یەكەمجار و بەسوپاسەوە لەسەر داوەتنامەی فەرمی بەڕێز دكتۆر بەرهەم صالح ی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتمە هەولێری پایتەخت.
•ئێستا لە كوێ نیشتەجێی ؟
•كاپتن فەرید: زۆر بەداخەوە،دوا ماوەیەكی زۆر كەم لە پڕۆسەی ئازاد كردنی عێراق، بە خێزانەوە بەغدامان جێهێشت و ئێستا لە (دوبەی) لە (ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو) نیشتەجێم.
•ئەی پلەی خوێندنت؟
•كاپتن فەرید: من هەڵگری بڕوانامەی بەكەلۆریۆسم لە كیمیا و لە بەغدا خوێندنم تەواو كردووە.
•ئەوە بڕوانامە، ئەی حەزو خولیاكانت؟ ئایا لەگەڵ بڕوانامەكەت یەكدی دەگرنەوە؟چونكە لە دەزگاكانی راگەیاندنی جیهانی نازناوت بە (سوپەرمانی عێراق) رۆیشتووە؟!
•كاپتن فەرید: نەخێر،یەگجار زۆر لێك دوورن! من سەرەتا جۆرە (سەرشێتێك) ی جیهانی (خێرایی – السرعە) م، هەر چ شتێك بەخێرایی بڕوات من حەز دەكەم یان لێی نزیك بكەومەوە یاخود لەگەڵیدا بڕۆم! بۆ نموونە، سەرەتای چوونم بۆ نێو جیهانی خێرایی لە ئیمارات بوو و بەشداری چەندین پێشبڕكێی (ماتۆڕسیكل) بوومە و خێراییشم گەیاندۆتە سنووری 320 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا! هەر ئەوەش بۆتە مایەی نیگەرانی و ترس و دڵڕاوكیێەكی زۆری دایك و باوكم كە زۆرجار بە (شێت و سەرەڕۆ) لە قەڵەمم دەدەن! منیش هەرگیز لێیان ناگرم و مافی خۆیانە بەم شێوەیە بڕواننە سەرەڕۆییەكانی من.
•پێناچی خێزاندار بی!
•كاپتن فەرید، (بە پێكەنینەوە!) : تا ئێستا سەڵتم! وابزانم كارەكانیشم گەواهی ئەو راستییەن!
•پاش ماتۆڕسیكلی خێرا، چویە نێو كام جیهانی پڕلە خێرایی و مەترسییەوە؟
•كاپتن فەرید: خۆهەڵدانی سەربەست (Sky Diving) لە رێگای فڕۆكەوە و نیشتنەوە بەهۆی پەڕاشوتەوە، هەروەها جگە لەوەش ژمارەی پێوانەییم شكاند دوای ئەوەی بۆ قوڵایی 80 مەتر چوومە ژێر ئاوی دەریا و گەڕامەوە بێ ئەوەی هەوا لەگەڵ خۆم ببەم.
•كامیان ناودارترین خۆ هەڵدانی سەربەستت بووە؟
•كاپتن فەرید: لە ساڵی 2008 بوومە یەكەم عێراقی كە دەچێتە نیو (كتێبی گینیس بۆ ژمارە پێوانەییەكان) دوای ئەوەی یەكەم خۆ هەڵدانی سەربەستم ئەنجامدا لە مێژوو و لەسەرووی ئاسمانی شاخی (ئێڤرێست) ی بەرزترین لوتكەی جیهان، لە رێگای فڕۆكەیەكی تایبەتیدا تا ئاستی 9150 مەتر بەرزبووینەوە ئینجا خۆم هەڵدا، واتە زیاتر لە 500 مەتر لەسەرووی لوتكەی (ئێڤرێست).
•چیت بەسەر هات...هەستت بەچی كرد؟
•كاپتن فەرید: لە كاتی خۆ فڕەدانم پلەی گەرمی دابەزی بوو بۆ 65 پلە لەژێر سفری سەدی و ئۆكسجین بە هیچ شێوەیەك نەبوو و پەستانی هەواش سفر بوو، بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم گرفتە كوشندانەش پۆشاكی تایبەتیمان بۆهاتبوو لە ئەمریكا، من بۆماوەی 70 چركە لە ئاسماندا هەڵواسرابووم پێش ئەوەی پاڕاشووتەكەم بكەمەوە... لێردا مەحاڵە و هەرگیز مەحاڵە بتوانم وەسفی ئەو هەستەم بكەم لە یەكەم ساتی خۆ هەڵدانم لە نێو فڕۆكە بۆ ئاسمانی فراوان، جاری وا هەبووە لە یەك رۆژدا 25 جار خۆم هەڵداوە، بەڵام كاتێك لوتكەی (ئێڤرێست) م بینی و من لەسەروویدا بەسەربەستی دەفڕم...خەریك بوو لە خۆشیی و سەرسامییەوە دڵم بووەستێ.
•واتە ئەم هەڵدانە بووە خاڵێكی وەچەرخان لە ژیانت؟
•كاپتن فەرید: بێ هیچ شك و گومان،هەر هەموو ژیانمی سەراو ژێر كرد!!
•چۆن گەیشتییە بواری بۆشاییگەری، لەگەڵ ئەوەی بڕوانامەیەكی تایبەتت نییە لەم بوارەدا؟
•كاپتن فەرید: دوای خۆهەڵدانم لەسەرووی ئاسمانی لوتكەی ئێڤرێستدا، دەیان كەناڵی ئاسمانی جیهانی هەرە ناودار لە خوارەوە لە چاوەڕوانیدا بوون،تەواوی ئەم رووداوەیان رووماڵكردو بە جیهانیان ئاشنا كرد،هێندەی پێنەچوو لە (سەنتەری بیازمای بۆشاییگەری رووسی) داواكرام بۆ ئەوەی ئالەوێوە یەكەم هەنگاو بنێم بۆنێو بۆشایی ئاسماندا.
•چەند جۆرە تاقیكردنەوەو راهێنانت بینی ؟
•كاپتن فەرید: هەڵبەتە لە پێش هەموو شتەوە،خرامە نێو زنجیرەیەك تاقیكردنەوەو راهێنانی جەستەیی و دەروونی چڕو پڕ تا بزانن هێزی جەستەیی و بەرگەگرتن بەرامبەر حاڵەتەكانی تەنگانە و بڕیاردانی خێرا و دروست بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان،لە تەواوی ئەم تاقیكردنەوانە سەركەوتوو بووم. لە دوای ئەوە چوومە نێو قۆناغی لێخوڕینی فڕۆكە جەنگییەكان، ئەویش لە نێو (سەنتەری ستار سیتی ئاسمانی) تایبەت بە كەشتیوانانی ئاسمانی رووسی، هەرچەندە من وەك فڕۆكەوانێكی مەدەنیم، بەڵام تاقیكردنەوەكان و راهێنانەكانی بوون بە كەشتیوانی ئاسمانی پێویست بە لێخۆڕین و راهاتن لەسەر فڕۆكە جەنگییەكان دەكات، چونكە خێرایی ئەم فڕۆكانە دەگەنە سەرووی خێرایی دەنگ و ئەمەش وادەكات فڕۆكەوانەكە بخاتە ژێر هێز و گوشارێكی جەستەیی یەگجار زۆری هێزی كێشكردن كە جاری وا هەیە دەگاتە سنووری 8 جار ئەوەندەی هێزی كێشكردنی زەوی، ئەمەش كاردەكاتە سەر لێدانی دڵ و ئاستی گەیشتنی خوێن بۆ مێشك و زۆرجار لەم حاڵەتە دژوارە فڕۆكەوان لەهۆشخۆی دەچێت، مەگەر بەرگەی جەستەیی بەهێز بێت. بەش بە حاڵی خۆم سەركەوتنی تەواوم وەدەستهێنا تەنانەت لەگەڵ لێخوڕینی فڕۆكەی جەنگی هەرە ناوداری وەك (مێگ 29 و سۆخۆی 27). پاشان چوومە ئاستێكی پێشكەوتووتر، ئەویش چوونە نێو ژووری ناسراو (ژووری ناوەندیی دەركردن- Centrifuge Room ) كە بریتییە لە كەپسوولەیەكی بەستراو بە قۆڵێكی درێژ تا 18 مەترو قورساییەكەی دەگاتە 300 تەن و 50 مێگاوات وزەی كارەبایی پێویستە بۆ بەگڕخستنی! خێرایی خولانەوەی ئەم ژوورە دەگاتە 300 كیلۆمەتر لە یەك كاتژمێرداو هێزی كێشكردن تیایدا دەگاتە G-Load 12، واتە 12 جار ئەوەندەی هێزی كێشكردنی زەوی، لەو كاتەدا خوێنی لەش بەزۆری لەنێو لاق و قاچەكاندا كۆدەبێتەوەو مەترسییەكی زۆر دەكەوێتە سەر تەندروستی ئەو كەسەی لە نێویدایە،بەڵام مەرجیشە لەو كاتە ناهەموارەدا چەندین كرداری ماتماتیكی ئەنجام بدەیت كەپَشتر بۆت دەستنیشان كراوە و چەندین وێنە لە رێگای شاشەیەكی تایبەتەوە پێت نیشان دەدەرێت و دەبێ لەو كاتە دژوارەدا سەیریان بكەیت و دوای خولانەوە بۆماوەی 400 چركە لە نێو ئەو ژوورەو لەژێر ئەم خێراییەدا داوای دەرەنجامی لێكدانەوە ماتماتیكییەكانت لێدەكرێت تا بزانن راستن یان هەڵەن و داواشت لێدەكرێت كە یەكە یەكە ئەو وێنانەی پێت نیشان درابوون بیانهێنیتەوە یاد، ئەگینا بەسەركەوتوو دانانرێیت، بەڵام من خۆشبەختانە بەتەواوی سەركەوتنم وەدەستهێنا.
•دوایین تاقیكردنەوە كە ئەنجامت دابێت؟
•كاپتن فەرید: بەرگی كەشتیوانانی ئاسمانیان لەبەر كردم. كێشی ئەم بەرگە لەسەر رووی زەوی كە تەواوی پێداویستییەكانی پاراستنی ژیانی مرۆڤی تیادایە لە بۆشایی ئاسماندا دەگاتە 300 كیلۆگرام! تەنانەت كەسێكی بە توانای وەك (ئاڕنۆڵد شڤارزینێگەر) یش ناتوانێ لەبەری بكات و تیایدا بجوڵێتەوە! بەڵام لە بۆشایی ئاسماندا هێزی كێشكردن نییە،بۆیە قورسایی لەوێ سفرە و بەمەش بە ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم پۆشاكەدا دەكرێ، بەڵام لەو سەنتەرەدا بەرزكەرەوە (رافعە) ەیان بەكارهێنا بۆ بەرزكردنەوەم و نقووم كردنم بۆ نێو حەوزێكی پڕ لە ئاو، چونكە لەژێر ئاودا بەجۆرێك لە جۆرەكان هەمان بارودۆخی نەمانی كێش هەیە و قورسایی بەرگەكە زۆر كەم دەبێتەوە، لەوێش چەندین تاقیكردنەوەی تایبەت بە بەكارهێنانی بەرگەكەو مامەڵەكردن لەگەڵ كەرەستەكان لە ژێر بارودۆخێكی وەك نەمانی كێش لە بۆشایی ئاسماندا ئەنجامم دا.لەویش سەركەوتنم وەدەستهێنا، ئەوەبوو لە كۆتاییدا بڕوانامەی دەرچوون لە تەواوی ئەم تاقیكردنەوانەم پێدراو بەمەش بوومە یەكەم عێراقی كە بەم زنجیرە تاقیكردنەوانەدا دەڕۆم و تیایاندا سەردەكەوم.من بۆماوەی 6 مانگ خرامە ژێر تەواوی ئەو تاقیكردنەوانەی سەروو كە ئاماژەم پێیاندا.
•بەم واتایە، دەتوانین بڵێین تۆ یەكەم كەشتیوانی ئاسمانیی راهێنراوی بەڕەگەز عێراقی؟
•كاپتن فەرید: بەخۆشحاڵییەوە،هەردوو گەورە دەزگاكانی بۆشاییگەری رووسیی و (ناسا) ی ئەمریكایی رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر بوونم وەك (یەكەم كەشتیوانی ئاسمانی بە رەگەز عێراقی) دوای تەواو بوونی تەواوی تاقیكردنەوەكانم لە داهاتوویەكی نزیكدا.
•ئەمە یەكەم گەشتت بوو بۆ كوردستان... چۆنت بینی؟
•كاپتن فەرید: بە راستی زۆر خۆشحاڵ بووم بەو پێشوازییە گەرمەو بەو میواندارییە بێ سنوورە، من دەمەوێ زیاتر لە خزمەتی جەماوەری خۆم بم لە كوردستان و لە داهاتوودا پلان دادەنێم بە هاوكاری حكومەتی هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەكانی بۆ ئەنجامدانی یەكەم خۆ هەڵدانی سەربەست لەسەر ئاسمانی لوتكەی (هەڵگورد) لە شاخی (حەساری ڕۆست) كە بەرزترین لوتكەی عێراق و كوردستانە ئەنجام بدەم، بەم شێوەیە هەردوو شاخی (ئێڤرێست) و (حەساری ڕۆست) پێكەوە دەبەستمەوە.
•دوای سوپاسی بێ پایانم بۆت ... دوایین گوتەی (كاپتن فەرید) بۆ گەلەكەی چی دەبێت؟
•كاپتن فەرید: سوپاسی ئەو هەلە زێڕێنە دەكەم،حەزدەكەم ئەوش بڵێم كەوا من موڵكی هەر هەموو عێراقم، بە كورد و عەرەب و نەتەوەكانی دیكەوە،لە ئایاری 2009 گەڕامەوە (بەغدا) و بۆ یەكەمجار دوای جەنگی ئازاد كردن یەكەم خۆ هەڵدانی سەربەستم ئەنجامداو لە نێو (ناوچەی سەوز) دا نیشتمەوە،لەو كاتەو بەپێی پڕۆتۆكۆڵە نێو دەوڵەتییەكان، عێراقم لە (حاڵەتی جەنگ) م گواستەوە بۆ (حاڵەتی ئاشتی) و زۆر دڵخۆشبووم كە هەنگاوێكم هاوێشت لە پێناو ئاشتی و ئارامی وڵاتەكەماندا،هەروەها من كە دەچم بۆ بۆشایی ئاسمان بە شانازییەوە نوێنەرایەتی هەر هەموو گەلی عێراق دەكەم و پەنا بەخواو بە پاڵپشتی هەردوو حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستان دەنگی هەر هەمووتان دەگەیەنمە بۆشایی ئاسمان.زۆر سوپاسیشتان دەكەم بە پێدانی بڕوانامەی ئەندامێتی لە كۆمەڵەكەتان بۆ من، زۆر پێی خۆشحاڵم و پڕ بە دڵەوە شانازیشی پێوەدەكەم، هەر سەرفراز بن. |