ساڵی رابردوو نزیكەی 15 وڵات بەشداریان لە چالاكی (جوانی بێ سنوور – ئێوارەیەك لەگەڵ هەسارەیەك زوهرە) یاخود (Beauty Without Borders- An evening with Venus ) ئەنجام دراو ئەمساڵیش (هەسارەی سووری مەریخ) بووە ئامانجی روانگەكردنی هەر یەك لە فەلەكناسانی (كوردستان,ئەڵمانیا,فلیپین , بەریتانیا ئەرژەنتین،بەڕازیل،ئیتاڵیا،جامایكا،پاكستان،نیكاراگوا،سریلانكا،مۆزەمبیق,نیپال, ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) لەكاتی نزیكبوونەوەی ئەم هەسارەیە لە زەوی لە بەرواری 27-1-2010 بەجۆرێك ماوەی نێوان زەوی و مەریخ گەیشتە 90 ملیۆن كیلۆمەتر و ئەمەش هەلێكی زۆر لەباری رەخساند بۆ ئاراستە كردنی تەلەسكۆبەكان بۆ بینینی روخساری ئەم هەسارە ناودارە.ئەمساڵیش فەلەكناسە كوردستانییەكان رۆڵێكی زۆر بەرچاویان بینی لە ئامادەكارییەكانی چالاكی نێودەوڵەتی ناسراو بە (جوانی بێ سنوور- سڵاو هەسارەی سوور - Beauty Without Borders-Hello Red Planet ) لە (ناونان) و دیزاین كردنی پۆستەر) ی چالاكییەكە.
سەرەتای چالاكییەكە لەگەڵ (سەنتەری رۆشنبیری زاگرۆس) بوو لە كاتژمێر 04:30 تا 05:30 ئێوارە ئەویش بە پێشكەش كردنی سیمینارێك دەربارەی چالاكییە نێو دەوڵەتییەكانی كۆمەڵە لە ساڵی 2009 و پاشان باسكردنی ئەم پڕۆژەیە بۆ بەشداربووانی سیمینارەكە. لەپاشان لە كاتژمێر 07:30 تا 09:30 ی شەوو لەسەر شۆستەی شەقامی (40 مەتری) بەرامبەر (بازاڕگای رووناكی) كۆمەڵەكەمان دەستیكرد بە ئەنجامدانی چالاكی (جوانی بێ سنوور- سڵاو هەسارەی سوور - Beauty Without Borders-Hello Red Planet ) و سەرەڕای دابەزینی پلەی گەرمی تا ئاستێكی زۆر نزم,بەڵام خەڵكی زۆر بە پەرۆشەوە بەشداری ئەم چالاكییەیان دەكرد و پۆل پۆل دەهاتن و لە رێگای تەلەسكۆبی 8 ئینجی MEADE LX200 ی كۆمەڵەوە دیمەنی هەسارەی مەریخ و سەرەڕای بچووكیی قەبارەكەی كەچی هێشتا مایەی دڵخۆشیمان بوو و لەگەڵ ئەویش روانگەی مانگ و دیمەنە دڵڕفێنەكانی چاڵ و شاخ و دۆڵەكانیش كرا. |