كاتێك خۆر و مانگ و زەوی دەكەونە سەر یەك راستەهێڵ ,ئەوا خۆرگیران و مانگ گیرانەكان روودەدەن, كاتێك مانگ دێتە نێوان زەوی و خۆر سێبەرەكەی دەكەوێتە سەر رووی زەوی, بەو پێەی كە مانگ 400 جار ئەوەندەی ماوەی نێوان زەوی و خۆر لە خودی زەوی نزیكترە, بۆیە ئەم دیاردەیە وا دەكات خەپلەی مانگ خەپلەی خۆر دابپۆشێ سەرەڕای ئەوەی كە خۆر (3 ملیۆن و 900 هەزار) جار لە مانگیش گەورەترە, بەڵام ئەم دوورییە وادەكات خەپلەی خۆر بچووك دیاربكەوێت و لە گاتی گیراندا خەپلەی بچووكی مانگ دایبپۆشێت.
لەوكاتەی كە ماوەی نێوان زەوی و مانگ لە دوورترین خاڵە, ئەوا خەپلەی مانگ ناتوانێ تەواوی رووی خۆر دابپۆشێ و دەبێتە هۆی دیاردەی (خۆرگیرانی ئەڵقەیی- Annular Eclipse) و ئەوكاتە خۆر وەك ئەڵقەیەكی گەش و رووناك بەدیاردەكەوێت لە دەوروبەری خەپلەی تاریكی مانگدا ,بەڵام لەكاتی نزیكترین خاڵدا لەگەڵ زەوی ئەوا تەواوی خەپلەی خۆر لە لایەن مانگەو دادەپۆشرێت, وەك ئەوەی لە 11 ی ئابی 1999 لە كوردستاندا بینیمان.
دەربارەی خۆرگیرانی ئەمجارە, كەی و لەكوێ؟
یەكەم خاڵی روودانی خۆرگیران لە ئەفریقیاوە دەست پێدەكات و سەرەتاكەی لە وڵاتی (ئۆگەندا) وە دەستپێدەكات و ئینجا بۆ (نایڕۆبی) و پاشان سێبەری مانگ دەخزێتە نێو (زەریای هیندی) و لەناوەڕاستی زەریای هیندی درێژترین ماوەی خۆرگیرانی ئەڵقەیی تۆماردەكرێت كە دەگاتە (11 خولەك و 7.7 چركە),بەڵام لەبەر ئەوەی ناوچەكە دوورە لە ئاوەدانی, ئەوا تەنها تیمیی زانایان و خولیایانی ئەم دیاردەیە دەچن بۆ ئەو ناوچەیە بۆ بینین و روانگەكاری. پاشان سێبەری مانگ دەگاتە نێو دورگەكانی (ماڵدیف) و لەوێ درێژترین ماوەی خۆرگیران لەسەر وشكانیدا تۆماردەكرێت كە دەگاتە (10.8) خولەك , بۆیە چاكترین و لەبارترین شوێنی وشكانی بۆ روانگەكردنی ئەم خۆرگیرانە لە (دورگەكانی ماڵدیف) دەبێت.سەرەتای روودانی خۆرگیرانیش لە (ماڵدیف) لە كاتژمێر (12:20:20)ی نیوەڕۆ دەبێت و كاتژمێر (12:30:06) نیوەڕۆ بەكاتی ئەو وڵاتە كۆتایی بە لووتكەی روودانی خۆرگیرانەكە دێت. پاشان (دورگەكانی ماڵدیف) جێدێلێ و بەرەو وڵاتی (هیندستان) دەخزێت و دەگاتە ناوچەی (رامیس وارام) و بۆماوەی (10.4) خولەكدا خۆرگیرانی نیمچەیی دەبێت, پاشان دەگاتە (سریلانكا) و (دورگەی دیلڤت) و لە (دورگەی جاڤانا) دا هیندوستان جێ دێلێ, ئینجا دەچێتە نێو (كەنداوی بەنگال) و كۆتایی خۆرگیرانەكەش لە (وڵاتی بۆرما) دەبێت.
خۆرگیران لە كوردستان
سەبارەت بە كوردستان, ئەوا لە بەیانی رۆژی هەینی 15-1-2010 و كاتژمێر (8:40:38) ی بەیانی, سەرەتای هاتنی خەپلەی مانگ بۆ سەر خۆر لە ئاراستەی ژێرەوەی دەستە راستەوە دەست پێدەكات و لە كاتژمێر (9:34:40) بەرزترین ئاست تۆماردەكرێت و ئەوكاتە نزیكەی 10% ی رووی خۆر دادەپۆشێت, بۆیە بەچاوی ئاسایی هەست بە گۆڕانكاری ناكرێت لەسەر ئاستی رووناكی خۆر لە ئاسماندا.پاشان لەكاتژمێر (10:34:38) ی بەیانی كۆتایی بەم دیاردەیە دێت لە كوردستاندا.
لە چاوەڕوانی خۆرگیرانی داهاتوو
زانایان و خولیایانی بەدواداچوونی خۆرگیران و روانگەكردنی لە چاوەڕوانی رودانی خۆرگیرانی داهاتوون كە چاوەڕوان دەكرێت لە 11ی تەموزی ئەمساڵدا رووبدات, خۆرگیرانی داهاتوو تەواو (Total Eclipse) دەبێت ,بەڵام بەداخەوە ئەو ناوچەیەی لێی روودەدات تەنها پانتاییەكی فراوانی (زەریای هێمن) دەگرێتەوەو سەرتاكەی لە رۆژهەڵاتی (نیوزیلاند) دەبێت و كۆتاییەكەشی لە رۆژئاوای (تشیلی) و باشووری (ئەرژەنتین) دەبێت, كەچی سەرەڕای ئەوەش تیمەكانی فەلەكناسی و وێنەگرتن لەسەرتاپای جیهاندا دەستەوەستان بەرامبەر ئەم دیاردە دڵڕفێنە ناوەستن, بەڵكو خۆیان ئامادەدەكەن و راستەوخۆ بۆ ناوچەی دیاردەكە بەڕێ دەكەون, چونكە لەهەر دیاردەیەكی خۆرگیراندا زنجیرەیەك زانیاری نوێ و دیمەنی سەرسام دەستدەكەون كە گشتیان یارمەتی زیارتری زانایان و پسپۆڕانی بواری فەلەكی و بوارەكانی بەرفراوانی فیزیای فەلەكی دەدات بۆ حاڵی بوون لە سروشتی چالاكییەكانی خۆر و ئاستی وزە و شێوازی (خەرمانەی خۆر- Solar Corona) و (ئاگرپرژە مەزنەكان) كە تەنها لەكاتی خۆرگیرانی تەواودا دەكەونە بەرچاوو دیدی زانانیان و هەوادارانی فەلەكناسی. |